Sarmand Hameed
10 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2021
هەولێر - AA
سەرۆكی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، ماتیۆ تولەر كرد.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە لە دیدارەكەدا، كە كۆنسولی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر، رۆبێرت پالادینۆ ئامادەی بوو، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ستاییشی فەرهەنگی پێكەوەژیان و تەبایی نێوان پێكهاتە ئایینی و جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانی كردووە، هەروەها دەستخۆشی لە دامودەزگا و دامەزراوەكانی هەرێم كردووە بۆ پاراستنی ئەو پێكەوەژیانەی کە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.
راشیگەیاندووە کە لە دیدارەكەدا، رەهەندە گشتییەكانی دیالۆگی ستراتیجیی نێوان ئەمریكا و عێراق تاوتوێ كراوە و ماتیۆ تولەر پابەندبوونی وڵاتەكەی بە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و برەودانی پەیوەندیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی كولتووری و ئاكادیمی و ئابووری دووپات كردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە كۆبوونەوەکەدا، رۆشنایی خراوەتە سەر پڕۆسەی سیاسیی و ژیان و باری گوزەرانی هاووڵاتییانی عێراق و تەحەددیاتی بەردەم هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، هەروەها بیروڕاش لەبارەی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق و پەیوەندیی نێوان لایەنە كوردستانییەكان و لایەنە عێراقییەكان ئاڵوگۆڕ كراوە.