Sarmand Hameed
10 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2021
هەولێر - AA
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماتیۆ تولەر و کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆبێرت پالادینۆ كۆبووەوە و لەبارەی ژمارەیەک پرسی جێگەی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان كرد.
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بڵاویکردەوە کە لە كۆبوونەوەكەدا، لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان بیروڕا ئاڵوگۆڕكراوە و قوباد تاڵەبانی، دۆخی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەنگاوە چاکسازییەکانی ئەم دواییەی بۆ شاندی میوان روون كردەووەتەوە.
راشیگەیاندووە کە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، پوختەیەكی لەبارەی دەرەنجامەكانی دیالۆگی ستراتیجیی عێراق-ئەمریكا، بۆ جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان باس كردووە، پابەندیی هاوپەیمانانیشی بە شەڕی داعش و پاڵپشتی ئەمریکای بۆ هێزە ئەمنییەكانی عێراق و پێشمەرگە دووپات كردووەتەوە، هەروەها ستایشی رۆڵی قوباد تاڵەبانی كردووە بۆ هەنگاوەکانی چاکسازیی، لەنێویاندا چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و جەختیكردووەتەوە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاکاندا، بە تایبەتیش لە بوارەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت.
ئاماژە بەوەیش دراوە کە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقیشەوە، هەردوولا هاوڕابوون كە گرنگە لە کاتی دیارییكراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا، هەردوو لایەن لەبارەی پرسی چاکسازی لە حکوومەتی هەرێی کوردستان دواون و قوباد تاڵەبانی جەختیکردووەتەوە کە حکوومەت لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی و کەمکردنەوەی رۆتین و نەهێشتنی گەندەڵی بەردەوام دەبێت.