Adam Abu-bashal
17 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2020
ئەبوجا - AA
ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە میانی ئەم مانگەدا، بەهۆی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە نێجیریا گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەوە بۆ ٧٧ کەس.
ئاژانسی نێجیریا بۆ ئیدارەدانی دۆخی لەناکاو (SEMA) بڵاوی کردەوە کە گوتەبێژی ویلایەتی کاتسینا، ئومار محەمەد لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئاکامی ئەو لافاوەی بەهۆی بارانی بەخوڕەوە دروستبووە هەشت کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە و ١٧ی دیکەیش برینداربوون.
بەمەیش لەسەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە کارەساتی لافاو لە نێجیریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٧٧ کەس.
ئومار محەمەد باسی لەوە کرد کە بەهۆی لافاوەوە ٢٥ هەزار و ٩٦١ خانوو زیانیان بەرکەوتووە و هەندێکیان بەتەواوی رووخاون و حەوت هەزار و ١٩ هێکتار زەوی کشتوکاڵیش ژێرئاو کەوتوون.
ناوبراو داوای لە حکوومەت کرد هاوکاری زیانلێکەوتووان بکات.
لە سەرانسەری نێجیریا هەزاران کەس بەهۆی لافاوەوە بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە و دەیان هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵیش ژێرئاو کەوتوون.
بارانی وەرزی کە لە مانگەکانی حوزەیران-ئەیلوول لە خۆرئاوای ئەفریقا کاریگەرە، دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو.
ئەمساڵ لە نێجیریا، بورکینا فاسۆ، نیجەر و سێنیگال کارەساتی لافاو روویداوە.