Ruslan Rehimov
28 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2022
مینسک - AA
کۆبوونەوەی شاندەکانی ئۆکراینا و رووسیا لە سنووری بێلاڕووس لە بارەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا دەستی پێ کرد.
شاندەکانی ئۆکراینا و رووسیا لە ناوچەی گۆمیل لە سنووری بێلاڕووس کۆبوونەوە.
شاندەکەی رووسیا بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر مێدینسکی پێکهاتووە لە جێگری وەزیری بەرگریی، ئەلێکساندەر فۆمین و جێگری وەزیری دەرەوە، ئاندری رودینکۆ و سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری نێودەوڵەتیی دومای دەوڵەتی رووسیا، لیۆنید سلوتسکی و باڵیۆزی رووسیا لە مینسک، بۆریس گریزلۆڤ.
شاندەکەی ئۆکراینا پێکهاتووە لە سەرۆکی پارتی خزمەتکاری گەلی دەسەڵاتدار، دەیڤد ئەراخامیا و وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، ئۆلیکسی رزنیکۆف و جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکراینا، میخائیل پۆدۆلیاک و جێگری سەرۆکی شاندی ئۆکراینا بۆ گرووپی پەیوەندی بۆ چارەسەر لە دۆنباس، ئاندری کوستین و پەرلەمانتاری ئۆکراینا لە تەتارەکانی کریمیا، روستەم ئومیرۆف و جێگری وەزیری دەرەوە، نیکۆلای تۆچیتسکی.
- "چاوەڕوانی ئەنجامین"
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی بێلاڕووس، ڤلادیمیر ماکی گوتارێکی کورتی پێشکەش کرد.
ماکی باسی لەوە کرد کە بەشداربووان دەتوانن هەست بە سەلامەتی بکەن و گوتی: "لەگەڵ سازکردنی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ هەموو جۆرە خواست و پێشنیارێکتان پەسەند دەکرێت و بەجێ دەگەیەندرێت. چاوەڕوانی ئەنجامین".
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کردبوو کە بەبێ مەرجی پێشوەختە لەگەڵ شاندی رووسیادا لە سنووری بێلاڕووس کۆدەبنەوە.
لایەنی رووسیا گەرەنتی دابوو لەبارەی ئەوەی شاندی ئۆکراینا بە سەلامەتی بپەڕنەوە بۆ بێلاڕووس.
سەرۆکی پارتی خزمەتکاری گەلی دەسەڵاتدار لە ئۆکراینا ئەراخامیا، ئاماژەی بەوە کردبوو کە بۆ گوێگرتن لە پێشنیازەکانی رووسیا کۆبوونەوەکەیان پەسەند کردووە.