Ömer Tuğrul Çam
14 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2023
بڕۆکسل-AA
یەکێتی ئەورووپا هەریەک لە کۆمپانیای ئەمنیی گرووپی ڤاکنەری رووسی و دەزگای مێدیایی "RIA FAN"ی رووسی خستە لیستی سزاکانییەوە.
لەمبارەیەوە یەکێتی ئەورووپا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە هەریەک لە گرووپی ڤاگنەر و "RIA FAN" بەهۆی هەڕەشەیان بۆسەر یەکپارچەیی، سەروەریی و سەربەخۆیی خاکی ئۆکراینا خراونەتە لیستی سزاکانی یەکێتییەکەوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە وەبیرهێندراوەتەوە کە یەکێتی ئەورووپا لە ٢٥ی شوباتدا ١١ کەس و حەوت دەزگای پەیوەندیدار بە گرووپی ڤاگنەری خستووەتە لیستی سزاکانییەوە، ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەو گرووپە بە شێوەیەکی چالاک بەشداریی هێرشەکانی رووسیای بۆسەر ئۆکراینا کردووە و سەرکردایەتی پەلامارەکانی سەر سۆلێدار و باخموتی کردووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەرمەیاداری رووس، یەڤگێنی پریگۆجین لەپاڵ دابینکردنی پشتیوانی دارایی بۆ گرووپی ڤاکنەر، هاوکات سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردی دەزگای مێدیایی "RIA FAN"شە، ئەم دەزگایەش ئاژانسێکی هەواڵە کە لە بەرژەوەندی حکوومەتی رووسیا پڕوپاگەندە و زانیاری ناڕاست بڵاودەکاتەوە.
بەم شێوەیەش ژمارەی ئەو کەسانەی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە خستوویەتییە لیستی سزادانی رووسیاوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٧٣ کەس و ژمارەی دەزگاکانیش گەیشتووەتە ٢٠٧ دەزگا.
سزاکانی یەکێتی ئەورووپا هەریەک لە قەدەغەی گەشتکردن بۆ وڵاتانی یەکێتییەکە، بلۆککردنی سامان و قەدەغەکردنی پێدانی سندووقی هاوکاری، لەخۆدەگرێت.