دهۆك
رۆژی چوارشەممە ئەو بەنزینەی لە ئیماراتەوە كڕدراوە دەگاتە هەرێمی كوردستان و بەپێی قسەی بەرپرسێكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك "كێشەی بەنزین لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بە تایبەت شاری دهۆك چارەسەر دەبێت، بەڵام دەبێت چارەسەرێكی یەكجارەكی بدوزرێتەوە".
بەرپرسی لیژنەی سووتەمەنی و پیشەسازی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك عەبدولسەمەد تێلی بە ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند؛ "پەیوەندیم بە كۆمپانیای power trans توركی كردووە كە بەنزینی لە ئیماراتەوە كڕیووە و بۆ هەرێمی كوردستان دابینی دەكات، پێیان راگەیاندم كە بەنزینەكە گەیشتووە شاری مێرسینی توركی و پشكنینی بۆ كراوە كە 44 ملیون لیترە و رۆژی چوارشەم 24/6/2015 لە رێگای دەرگای ئیبراهیم خەلیل دەگاتە دهۆك و پارێزگەكانی تری هەرێمی كوردستان".
عەبدولسەمەد تێلی رایگەیاند: "رەنگە ئەم بەنزینە بەشی زیاتر لە 10 رۆژێك بكات، دواتر هەر قەیرانی بەنزین سەرهەڵدەدات، بۆیە دەبێت وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بیر لە رێگە چارەیەكی تر بكاتەوە و دەسەڵات بداتە پارێزگاكان كە ئەوان بەنزین بۆ پارێزگەكان دابین بكەن، چونكە پارێزگەكان پێویستی خویان دەزانن".
بەپێی گوتەی عەبدولسەمەد تێلی؛ "هەرێمی كوردستان لە رێگای دو پاڵاوگای كەڵەك و بازیان، رۆژانە 3 ملیون و 200 هزار لیتر بەنزین بۆ شوفێران دابین دەكرێ، بەڵام هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە شەش ملیون لیتر بەنزین هەیە، بۆیە ئەگەر بەنزین لە دەرەوە بۆ هەرێم دابین نەكرێت، هەرێم تووشی قەیرانی كەمی بەنزین دەبێت، پارێزگای دهۆكیش رۆژانە پێویستی بە نزیكەی ملیونێك و 200 هزار لیتر بەنزین هەیە، بەڵام ئێستا رۆژانە 400-500 هزار لیتر بەنزینی بۆ دابین دەكرێت، بۆیە گەورەترین قەیرانی نەبوونی بەنزین لە شاری دهۆك پەیدابووە".
بەرپرسی لیژنەی سووتەمەنی و پیشەسازی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك عەبدولسەمەد تێلی هۆکاری ئەو گرفتەی بۆ ئەوە گێڕاوە کە "دهۆك پاڵاوگای لێ نییە و 70% پێداویستی بەنزین لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆی دابین دەكرێت".