ههولێر -شوان سدیق
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان، دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات، لەدانیشتنەكەدا خوێندەوەی یەكەم بۆ چوار پرۆژە یاسایی دەكرێت، تایبەت بە هەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی ژمارە یەكی ساڵی 2005.
لە پەرلەمانی كوردستان، مەلا هەوارامان ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ ئانادۆڵو رایگەیاند؛ "لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان، خوێندنەوەی یەكەم بۆ چوار پرۆژە یاسا دەكرێت، كە تایبەتە بە هەمواری یاسایی ژمارە یەكی ساڵی 2005".
گوتیشی: "دەبێت رێژەی 56 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ئامادەبن ئەوكاتە دانیشتنەكە بەڕێوەدەچێت".
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، فەرحان جەوهەر لە فراكسیۆنی پ.د.ك بۆ پەیامنێری ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر فراكسیۆنی پارتی ئامادەی دانیشتنەكە نەبێت، بێگومان دانیشتنەكە بەرێوەناچێت چونكە رێژەی یاسایی خۆی تەواو ناكات".
دانیشتنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان، بەراورد بە دانیشتنەكانی تر جیاوازە و نوێنەری لایەنەكانی سیاسی یەكێتی و گۆران و ئیسلامییەكان، بەرەیەك پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەرەیەك بوون بە دوو بەشەوە لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و درێژكردنەوەی ولایەتی سەرۆكی هەرێم مەسعود بارزانی.
سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ٢٠٠٥ی ھەمواركراو دامەزراوە، لە ھەڵبژاردنی ٣١ی كانوونی دووەمی ٢٠٠٥ مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، لە پەرلەمانی كوردستان ھەڵبژێردرا.
دواتر لەسەر پێشنیازی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی ئەو حزبە مەسعود بارزانی پێشنیازكرا كە سەرۆكی ھەرێم راستەوخۆ لەلایەن ھاووڵاتییان بەھەڵبژاردن دیاری بكرێت، ئەو پێشنیازەش زۆرینەی پەرلەمانتاران بە یەكێتی نیشتمانیشەوە دەنگیان بۆ دا.
لە ھەڵبژاردنی ٢٥.٧.٢٠٠٩ چوار كەس خۆیان كاندیدكرد بۆ سەرۆكایەتی ھەرێم لەنێوایاندا مەسعود بارزانی توانی ٧٠لەسەدا دەنگەكان مسۆگەر بكات و دووبارە بووە بە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان.
بڕیاربوو لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ھەرێمیش لەساڵی ٢٠١٣ ئەنجام بدرێت، كەچی لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ بەھۆی پرسی رەشنووسی دەستووری ھەرێم ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ھەرێم لە ٢١.٩.٢٠١٣ لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام نەدراو بەپێی یاسای ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠١٣ ویلایەتی مەسعود بارزانی لە ٢٠.٨.٢٠١٣ بۆ دوو ساڵ درێژكرایەوە لە ٢٠.٨.٢٠١٥ كۆتای دێت.