Zana Natık Kerem
21 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2019
بەغدا ــ AA
راگەیەندرا یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، مارشاڵ پیلینگسلی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق، فوئاد حوسێن کۆبووتەوە.
سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا کە ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، جۆی ھود ئامادەبوو، دوایین رەوشی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەروەھا ئاسۆی ھاوکارییە داراییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا تاوتوێکراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، تیشکی خراوەتە سەر ئەو رێکارانەی کە ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی سەر ئێران گرتوویەتەبەر، لای خۆیەوە مارشاڵ پیلینگسلی کورتەیەکی لەبارەی سیاسەتی داھاتووی ئەمریکا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا بەتایبەتیش لە بواری ئابووری و داراییدا باسکردووە.
لای خۆیەوە وەزیری داریی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاندووە کە رەوشی ناوچەکە لە یەک کاتدا زۆر ئاڵۆز و ھەستیارە و گوتی: "ئۆمێدەوارین کێشە ھەڵپەسێدراوەکان، بە گفتوگۆ و دانوستان چارەسەر بکرێن".
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەشداوە کە روودانی هەر گرژی و ئاڵۆزییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کاریگەری خراپی لەسەر سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەدا دەبێت، بەتایبەتیش عێراق.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ھەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی درێژە بە ھاوکارییەکان بدەن لە پێناو پاراستن و سەقامگیری ئابووری عێراق لە ھەر لێکەوتەیەک ئەگەر لە ناوچەکەدا بێتە ئاراوە.