Hemn Baban
21 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2019
ھەولێر - AA
بڕیارە دوای ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم، کاندید بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەم رابسپێردرێت کە لە میانی ٣٠ رۆژدا دەبێت کابینەکەی بخاتە بەردەستی پەرلەمان بۆ پەسندکردنی.
بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوو پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی ھەرێم لە رێگەی دەنگدانی ئاشکرا کە یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم دیاری کردووە یەکلایی بکاتەوە و ھەرێم کە نزیکەی ساڵ و نیوێک دەبێت بەبێ سەرۆکە ببێتەوە بە خاوەن سەرۆکی ھەرێم.
بەپێی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم لە ماوەی سێ رۆژ لە یەکلاییکردنەوەی ناوی کاندیدان بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم لە لایەن ئەنجوومەنی دادوەرییەوە پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی ھەرێم بەدەنگدانی ئاشکرا ھەڵدەبژێرێت کە پێویستی بەدەنگی زۆرینەی رەھایە ئەویش ٧٥ دەنگە.
ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوڵستان نھێلی گوتی: "پێشبینی دەکەین تا ٢٥ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی ھەرێمیش لە کۆی دەنگی ١١١ پەرلەمانتار پێشبینی دەکەین ٩١ دەنگ بەدەست بھێنێت، نێچیرڤان بارزانی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانە".
ئەو گوتیشی: "جگە لە فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گۆڕان، پێکھاتەکانی کریستییان و تورکمان، پێشبینی دەکەین سوسیالیست و لیستی حزبی شیوعیش دەنگی پێ بدات و بەو پێیە نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت ٩١ دەنگ بەدەست بھێنێت، ئەو سێ لایەنەی یەکەم رێککەوتنی سیاسییان لەنێواندایە، ئەوانی دیکەش کە ناوم ھێنان دەنگی پێ دەدەن".
گوڵستان نهێلی گوتیشی: "دوای ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم کاندید بۆ پێکھێنانی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم رادەسپێردرێت و لەماوەی ٣٠ رۆژ ئەو کابینەیە پێکدەھێنرێت، بەڵام ئەگەریشی ھەیە کە ئەو کارە زیاتری بوێت، ئەمە دیار نییە، چونکە ھەندێک جار بەربەست ھەن و ھەندێک لایەنە سیاسییەکان تەواو یەکلایی نابنەوە، بەڵام گەشبینین کە لەو ماوەیەدا لەو ٣٠ رۆژەدا کابینەی نۆیەم پێکبھێنرێت، پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە بۆ پێکھێنانی حکوومەت، بەڵام دەبێت بیر لەوە بکەینەوە لایەنی دیکەش ھەیە و پێویستە ھەمووان ھەوڵبدەن بەزووترین کات کابینەکە دروست بکرێت".
هەشتی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەی "پێشنیازی کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق و ھەمواری شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسەندکردنی دەستوور" پەسەندکرد و پاشان بوو بە یەکەم یاسا کە لە ئەمساڵدا و لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پەسەند بکرێت، یاساکە پەیوەستە بە کاراکردنەوەی ئەو دامەزراوەیە کە لە ٢٠١٧یەوە لە لایەن پەرلەمانەوە سڕکرا و کارەکانی ھەڵپەسێردرا.
دوای چوار رۆژ و بەدیاریکراوی لە ١٢ی ئایار سەرۆکایەتی پەرلەمان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم کردەوە و سێ رۆژ دیاریکرابوو کە حەوت کەس خۆیان کاندیدکرد و پێنجیان پەسەندکران و دووشییان لابران، لەنێو کاندیدەکاندا بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەرۆکی ئێستای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ھەیە.
ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، جەلال محەمەد لە پەرلەمانی کوردستان "دیارە بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی ٢٠١٩ی کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆک تا نووسینەوەی دەستوور دوای ئەوەی ناوی کاندیدان راگەیەندران کە پێنج کەسن، دوو رۆژ ھەیە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی سی ڤی-یان پێشکەشکردووە تا تانە لە نەھاتنەوەی ناوەکانیان بدەن، دواتر سێ رۆژ لەبەردەم دەستەی سەرۆکایەتیدا ھەیە بۆ ئەوەی کات دیاری بکات بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و پاشان سەرۆک بە دەنگدانی ئاشکرا بەپێی یاسا ھەڵدەبژێردرێت".
ئەو گوتیشی: "نێچیرڤان بارزانی کاندیدی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییە کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، جگە لەوەش رێککەوتنی سیاسییان لەگەڵ لایەنی دیکەی دەرەوەی پارتیش ھەیە، بۆیە پێشبینی دەکەین نێچیرڤان بارزانی دەنگی پێبدرێت و ببێت بە سەرۆکی ھەرێم".
پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە ھەڵبژاردنەکانی ٣٠ی ئەیلوولی ساڵی پار توانی ٤٥ کورسی لە کۆی ١١١ کورسی بەدەست بھێنێت و ببێت بەگەورەترین کوتلەی پەرلەمانی کاندیدی بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەم دیاریکردووە کە ئەویش راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم، مەسرور بارزانی-یە، بەپێی رێککەوتنی سێ لایەنە سەرەکییەکەی کابینەی نۆیەم کە پارتی، یەکێتی، گۆڕان-ن دەنگی ئەندامانی ئەو سێ لایەنە بۆ کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی دەبێت.
مەسعود بارزانی لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ یەکەمجار وەکو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێردرا و بەو پێیە نێچیرڤان بارزانی ئەگەر ھەڵبژێردرا ئەوا دەبێتە دووەم سەرۆکی ھەرێم لە مێژووی ھەرێمی کوردستان.