ههولێر - شوان سدیق
بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە لیژنەی یاسایی و سەرۆكایەتی پەرلەمان سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم كۆببنەوە بەڵام دیار نییە ئایا ئەو پرسە لە پەرلەمان یەكلایی دەبێتەوە یاخود نا و بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانیش رایدەگەیەنێت پەرلەمان هاوكاریی لایەنەكان دەكات.
بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، گۆران ئازاد بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند "راپۆرتی لیژنەی یاسایی تایبەت بە هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی سەرۆكایەتی هەرێم هەموو رێكارەكانی تەواو بووە و ئامادەیە".
گۆران ئازاد گوتیشی: "ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان بڕیارمانداوە هاوكاری لایەنەكان بكەین، چاوەڕوانی ئەنجامی كۆبوونەوەكانی دەرەوەی پەرلەمان بكەین، دوای دانیشتن سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ ئەندامانی لیژنە، ئەگەر زانیمان نیەتێك هەیە بۆ یەكلایی كردنەوەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم ئێمە دەتوانین وەك لیژنەی یاسایی هەم وەك سەرۆكایەتی پەرلەمانیش هاوكاری هێزەكانی سیاسی بین".
ئازاد ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەگەر زانیمان لەنێوان لایەنەكاندا نیەتی هاوبەش نییە ئێمە ئەمڕۆ راپۆرتی خۆمان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەین.
بەپێی یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2013 ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی لە 20ی ئابی 2013 بۆ دوو ساڵ درێژكراوەتەوە، لە 20ی ئەم مانگە كۆتایی دێت.
چوار لایەن لە هەرێمی كوردستان. یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو پێداگیری لەسەر سیستەمی پەرلەمانی دەكەن و چوار پڕۆژە یاسایان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی سەرۆكایەتی هەرێم داوەتە پەرلەمان، بەڵام هەتا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی 38 كورسی پەرلەمانییە رەتی دەكاتەوە، بەشداری لەو گفتوگۆیانە بكات بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و دەیەوێت لەدەرەوەی پەرلەمان بە سازانی هەموو لایەك پرسی سەرۆكایەتی هەرێم یەكلایی بكرێتەوە.
بۆ هەمان پرسیش چەندین جار لایەنەكان لەگەڵ پارتی كۆبوونەتەوە بەڵام كۆبوونەوەكان هیچ ئەنجامێكی نەبووە.