Zana Natık Kerem
28 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند کە قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئێران لەسەر عێراق، گەیشتووەتە دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد موسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکرد کە سبەی سێشەممە، وەزیری وزەی ئێران، رەزا ئەردکانیان سەردانی بەغدا دەکات و لە میانیدا پرسەکانی غاز، قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئێران لەسەر عێراق لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکات و گوتی:
"قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئێران لەسەر عێراق، گەیشتووەتە دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار".
ئەحمەد موسا باسی لەوەشکرد کە لە کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی عێراق و وەزیری وزەی ئێران سەبارەت پرسی کەمبوونەوەی ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق کە ئێستا بووەتە ھۆی کەمکردنەوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی، گفتوگۆ دەکرێت.
ئەحمەد موسا سەبارەت دەستکردن بە ھاوردەکردنی کارەبا لە تورکیا، رایگەیاند کە تا ئێستا ھیچ لێدوانێکی فەرمی لە وەزارەتی کارەباوە لەوبارەیەوە نەدراوە و گوتی:
"ھێشتا زووە قسە لەسەر ھاوردەکردنی کارەبا لە تورکیاوە بکەین، چونکە تا ئێستا ھیچ ئامادەکارییەک لەوبارەیەوە نەکراوە".