Rewa Mahmood Hasan
14 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2022
سلێمانی - AA
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیەندراوێکدا پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ راگەیاند.
لە راگەیەندراوێکدا کە گوتەبێژی نەوەی نوێ، هیمداد شاهین بڵاوی کردۆتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندانی خوێندکاران دەردەبڕێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "دەرماڵەی هەموو خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان نزیک بە شەش ملیۆن دۆلاری تێدەچێت کە داهاتی یەک رۆژی خراپتریین و کەم داهاتتریین خاڵی سنووریی و یەک کاتژمێری ئەو نەوتەیە کە بە تاڵانی دەبەن بۆ خۆیان".
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا، نەوەی نوێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە توانای ئیدارەدانی نەماوە و ناتوانێت مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و خوێندکاران دابین بکات و تیایدا هاتووە ''حکوومەت لە کۆی سێکتەرەکانی ژیانی هاووڵاتییان شکستی هێناوە، مووچە نادات، پلەی فەرمانبەران بەرز ناکاتەوە، هەلی کار بۆ گەنجان نادۆزێتەوە و دەرماڵەی خوێندکاران نادات و نرخی سووتەمەنیی هەرزان ناکات و باج و سەرانە لە هاووڵاتییان دەستێنێت، ئەمەش سیفەتی ئەو دەسەڵاتانەیە کە تەمەنیان لە کورتی داوە".