Rewa Mahmood Hasan
11 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2020
سلێمانی-AA
دوای ئەوەی کە کاتژمێر ٠٩:٣٠ی بەیانی ئەمڕۆ سەرکردەی دیاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، قادری حاجی عەلی لە نەخۆشخانەی فاروق بەهۆی نەخۆشی کۆرۆنا گیانی لەدەست دا، پارێزگاری سلێمانی بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی لە پارێزگاکە راگەیاند.
پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ کۆچی دوایی قادری حاجی عەلی پرسەنامەیەکی ئاراستەی خانەوادە، هاوڕێی، خەڵکی سلێمانی و هەرێمی کوردستان کردووە و تیادا سێ رۆژ ماتەمینی سەرتاسەری لە پارێزگاکە راگەیاندووە.
لە پرسەنامەکەدا هاتووە "پرسە و پەژارە و خەم و ماتەمینیی خۆمان، بۆ کۆستی کۆچی سەرکردەیەکی جوامێری خەباتی نیشتمانیی و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، بەڕێز و خۆشەویست کاکە قادری حاجی عەلی، دەردەبڕین. هەرلێرەوە وەک پارێزگای سلێمانی پرسەیەکی سەرتاسەری بۆماوەی سێ رۆژ لە دڵ و دەرون و ماڵ و ویژدان و کۆڕی ئازیزاندا، رادەگەیەنین".
قادری حاجی عەلی ماوەی زیاتر لە مانگێکە بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی تایبەتیی فاروق دەمایەوە و لە ماوەی دوو هەفتەی دواییدا، تەندروستی ناجێگیر دەبێت، تا کاتژمێر ٠٩:٣٠ی بەیانی ئەمڕۆ گیانلەدەست دەدات.
لەئێستادا تەرمی قادری حاجی عەلی لە نەخۆشخانەی فاروقە و دوای رێکارە تەندروستییەکان بڕیارە سبەی تەرمەکەی رادەستی کەسوکارەکەی بکرێتەوە و دواتر کاتژمێر ١٤:٠٠بەرەو گۆڕستانی ئابڵاخ بەرێدەکرێت و بەخاک دەسپێردرێت.
قادری حاجی عەلی ساڵی ١٩٥٥ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە.
لە ساڵی ١٩٨٠ەوە دەستیکردووە بە خەباتی سیاسی و لەنێو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا چەندین پلەی جیا جیای وەرگرتووە، لەوانە ئەندامی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی و ماوەیەکیش سەرۆکی دەزگای زانیاری بووە.
لە ساڵی ٢٠٠٩دا لەگەل نەوشیروان مستەفا بزووتنەوەی گۆڕان دادەمەزرێنن و دەبێتە کەسی دووەم لەنێو بزووتنەوەکەدا.