Rewa Mahmood Hasan
11 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2020
سلێمانی-AA
بەڕێوەبەری بوومەلەرزە و کەشناسی سلێمانی، ئاسۆ کەمال لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ماوەی چەند رۆژێکە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەڕاست و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی هەفتە بخایەنەێت.
ئاسۆ کەمال سەبارەت بە ئاستی باران بارین لەمساڵدا، ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا لە سەنتەری پارێزگای سلێمانیدا، ٨٠ ملم باران باریوە و گوتی: ''ئەمە لەچاو پاردا، بەڕێژەیەکی بەرچاو باران باریوە و لە ساڵی پاردا، ئەم کاتانە ٧٢ ملم باران باریبوو کە ئەمەش بەشێکی باشە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و دووپاتیکردەوە کە وەک ئەوەی جووتیاران پێی دەڵێن پەڵە لە پارێزگای سلێمانی پەڵی داوە".
بەڕێوەبەری بوومەلەرزە و کەشناسی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا کە هەموو ساڵێک پێویستە بری ٦٠ ملم باران لە ١٥ی تشرینی یەکەمەوە بۆ ١٥ی تشرینی دووەم ببارێت، ئەوکات جووتیاران دەتوانن بڵێن پەڵەی داوە کە بەخۆشحاڵییەوە ئەمساڵ ئەو رێژەیەی تێپەڕاندووە.
ئاسۆ کەمال سەبارەت بە بەردەوامی باران بارین لە رۆژانی داهاتوودا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ لە کاتژمێرەکانی شەودا، ناوبەناو نمە باران و هەندێک جار هەورەبروسکە بەردەوام دەبێت و لە چەند کاتژمێرێکدا، دەیکاتە بارانی بەلێزمە و ئاشکرای کرد، بەپێی پێشبینیەکانی کەشناسی ئەم دۆخە تا کۆتایی هەفتە لە سلێمانی بەردەوام دەبێت.