Zana Natık Kerem
07 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
رابەری کاسۆلیکەکانی جیھان، پاپا فرەنسیس لە دووەم رۆژی سەردانەکەی بۆ عێراق، سەردانی شاری ھەولێر پایتەختی ھەرێمی کوردستان و شارۆچکەی قەرەقۆش باشووری رۆژھەڵاتی شاری مووسڵ دەکات.
پاپا فرەنسیس بەپێی کارنامەی سێیەم رۆژی سەردانەکەی بۆ عێراق، سەردانی شاری ھەولێر دەکات و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ھەرێم و کەسایەتی و پیاوانی ئاینیی کۆدەبێتەوە.
رابەری کاسۆلیکەکانی جیھان، پاپا فرەنسیس دوای دیدار و کۆبوونەوەکانی لە ھەولێر بەرەو شاری مووسڵ بەرێدەکەوێت و لەوێ نوێژ بۆ قوربانیانی جەنگ ئەنجام دەدات.
دواتر دەچێتە شارۆچکەی قەرەقۆش باشووری رۆژھەڵاتی شاری مووسڵ و سەردانی کڵێسای تاھیرەی گەورە و لەوێ گوتاری قەداسەتیی ئەنجیلۆسی باوک پێشکەش دەکات.
دواتر دووبارە دەگەڕێتەوە شاری ھەولێر و لە یاریگای فرانسۆ ھەریری بەشداری لە رێوڕەسمی نزای ئێوارەی یەکشەممە دەکات و دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە دووبارە دەگەڕێتەوە بەغدا.
بەمەیش کارنامەی سەردانەکەی پاپا فرەنسیس بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و سبەی دووشەممە رێوڕەسمی ماڵئاوای لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ ساز دەکرێت و دەگەڕێتەوە ڤاتیکان.