İsmail Şen
18 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2021
ئەلعەزیز - AA
لە قەڵای مێژوویی خارپوت لە ئەلعەزیز، پەرستگایەکی کراوە دۆزرایەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئورارتووکان (شانشینی ئارارات)، دوو هەزار و ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر.
لە بەشی باشووری خۆرئاوای قەڵای خارپوت، ژمارەیەک چاڵ هەن لەسەر شێوەی جیاواز و بە قەبارەی جیاواز لە بەردی سروشتیی بە رێکی و لەسەر شێوەی هێلکەیی دروستکراون و وەک شوێنی قوربانیکردن و شوێنی دانیشتن لەگەڵ چەند شوێنێکی دیکە کە بۆ مەبەستی جۆراوجۆر بەکارهێنراون لەگەڵ شوێنێکی کراوە کە پێدەچێت بۆ رێوڕەسمی ئایینی بەکارهێنرابێت.
پەرستگاکە کە لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر ئیسماعیل ئایتاچ مامۆستا لە زانکۆی فرات و سەرۆکی بەشی کنە و پشکنینی شوێنەوار لە قەڵای خارپوت و تیمەکەیەوە دۆزراوەتەوە، بڕیارە پاش کارێکی گشتگیر بە رووی سەردانکەراندا بکرێتەوە.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئیسماعیل ئایتاچ لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە کرد کە بە ئەنجامدانی توێژینەوە و کاری شوێنەوارناسیی لە قەڵای خارپوت-دا کە لە سەردەمە دێرینەکانەوە تا ئەمڕۆ شوێنەواری زۆرێک لە شارستانیەتەکانی لەخۆگرتووە، شوێنەواری هەموو سەردەمەکانیان دۆزیوەتەوە و ئاشکرایان کردووەن.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئیسماعیل ئایتاچ باسی لەوە کرد ئورارتووەکان کە دوایین پایتەختیان دەوری وان بووە، لەناو قەلای خارپوت-دا کە دەکەوێتە سنووری خۆرئاوای پەرستگایەکی کراوەیان دۆزیوەتەوە کە لە رووی کولتووریی و مێژووییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار و ٨٠٠ ساڵ بەرلە ئێستا.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئیسماعیل ئایتاچ هەروەها باسی لەوە کرد کە لە قەڵای خارپوت سێ شوێنی پیرۆزیان دۆزیوەتەوە کە گرنگترینیان دەکەوێتە باشووری خۆرئاوای قەڵاکە و گوتی: ''بوونی پەرستگایەکی کراوە لە قەڵایەکی بەری سنووری خۆرئاوای ئورارتووەکان ئاماژەیە بەوەی کە زۆر گرنگیان بە قەڵاکە داوە. پەرستگاکە هەم گەورەیە هەمیش هەندێک شوێنی تایبەتی هەیە کە دیارە لە رۆژانی ئاساییدا بەکارنەهێنراوە بەڵکو لە رۆژە ئایینییەکاندا بەکارهێنراون''.
ئەلعەزیز.. دۆزینەوەی پەرستگایەکی دێرینی ئورارتووکان