Rewa Mahmood Hasan
29 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2020
سلێمانی-AA
لە چوارچێوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە، سێ قوتابخانە لە سنووری کارگێڕی پارێزگای سلیمانی کرانەوە.
ئەمڕۆ بەئامادەبوونی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمەسەعید و پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، دڵشاد عومەر دوای تەواوبوونی بیناکانیان لە مەراسیمێکدا، سی قوتابخانە لە پارێزگای سلێمانی کرانەوە.
قوتابخانەیەک لە گوندی باریکەی سەربە ناحیەی تانجەرۆ، قوتابخانەیەک لە شاری رۆشنبیران و قوتابخانەیەکی دیکەی ١٨ پۆلی لە گەڕەکی وڵوبەی شاری سلێمانی کرانەوە.
لە مەراسیمەکەدا وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ''ئەم قوتابخانانە لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە دەکرێنەوە. لەکاتێکدا وەک دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن بڕی ٥٤٠ ملیۆن دیناری وەک بوودجە بۆ دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ سەرجەم خوێندنگەکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە کە خۆی دەبینێتەوە لە هەشت هەزار گەرمکەرەوە،١٠٠ هەزار پاکژکەرەوە بۆ تەواوی ناوەندەکانی خوێندن و ٤٠ هەزار پاکەت دەمامک کە دەکاتە دوو ملیۆن دەمامک".