Dlshad Saifaalddin Ahmed
18 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2017
سلێمانی - AA
لە رێوڕەسمێكی تایبەتدا لە شاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەرپرسانی تری پەروەردەیی، چەند خوێندنگەیەكی تایبەتی كرانەوە كە بە هۆی قەیرانی داراییەوە كارەكانیان وەستابوو، دواتر لەلایەن رێكخراوی یونیسێفەوە كارەكانی ئەو خوێندنگەیانە تەواوكراوە.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، دڵشاد عومەر رایگەیاند "بەهاوكاری رێكخراوی یونیسێف و پارێزگاری سلێمانی توانرا 6 قوتابخانە بخرێتە بەرنامەی كارەوە و ئەو كارانەی بە هۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانرابوو تەواوبكرێت لە لایەن رێكخراوی یونیسێفەوە تەواوكران، ئێستاش خوێندن تێیاندا دەستی پێكردووە".
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی گوتی: "هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ خزمەتی پڕۆسەی پەروەردە و ناهێڵین ئەو قەیرانانەی هەیە كار بكاتە سەر پڕۆسەی پەروەردە".
لەلای خۆیەوە وەزیری پەروەردەی هەرێم، پشتیوان سادق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لەلایەن رێكخراوی یونیسێفەوە 27 قوتابخانە لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و كەركووك و ئیدارەی گەرمیان تەواو كراوە كە بە هۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیاندا وەستابوو".
ئەو گوتی کە وەزارەتەكەیان هەوڵی تەواو دەدات بۆ پێشخستنی پڕۆسەی پەروەردە و دۆخی مامۆستایان.
ئاماژەی بەوەش كرد، رۆژی رابردوو پەیوەندییان بە وەزارەتی داراییەوە كردووە و دڵنیایان كردونەتەوە لەوەی لەم هەفتەیەدا پارەی هاندانی مامۆستایان خەرج دەكرێت ، جەحتی لەسەر ئەوەش كردەوە كە حكوومەت پابەندە بە خەرجكردنی پارەی هاندانی مامۆستایانەوە لە سەرەتای مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە.