Dlshad Saifaalddin Ahmed
23 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2019
سلێمانی ـ AA
شاندەکەی تورکیا پێکھاتووە لە سەرۆک و ئەندامانی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی دیاربەکر و شرنەخ و ژمارەیەک لە بازرگان و خاوەنکاران.
سەرۆکی ژووری پیشەسازی دیاربەکر، محەمەد کایا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەگەڵ ژوورەکانی بازرگانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک پرۆتۆکۆلی بازرگانی ھاوبەشمان ھەیە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانمان و رێکخستن و بەشداریکردن لە پێشانگا بازرگانی و پیشەسازییەکان لە ھەردوولا، پێش دوو مانگ لە دیاربەکر پێشانگایەکمان کردەوە و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و بازرگانانی شارەکانی ھەرێم بەشدارییان تیادا کرد، لەم سەردانەی ئێمەشدا بەشداری دوو پێشانگای بارزرگانی و پیشەسازیمان لە ھەولێر و سلێمانی کرد".
محەمەد کایا گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانی سلێمانی کۆبوینەوە و گفتوگۆمان کرد لەسەر بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانمان، ھەروەھا ئاسانکاری زیاتر لە گەشتی نێوان ھەردوو شارەکە لە رووی بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیاری و چارەسەری پزیشکییەوە لە نەخۆشخانەکانی دیاربەکر، بەتایبەت دوای ئەوەی لە رۆژی ٢١ی مانگی رابردووەوە گەشتی ئاسمانی نێوان دیاربەکر و ھەولێر دەستیپێکرد بەوەش ئاسانکاری زیاتری ھاتوچۆی نێوان ھەردوولا دروست دەبێت".
سەرۆکی ژووری پیشەسازی دیاربەکر بە گرنگییەوە باسی لە سەردانی چاوەڕوانکراوی ھەفتەی داھاتووی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا و ھەولێر، ھەروەھا سەردانی چاوەڕوانکراوی مانگی داھاتووی سەرکۆماری تورکیا بۆ عێراق و کاردانەوەی لەسەر بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ھەردوولا کرد و گوتی:
"سەردانی سەرکۆمار و وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق پەیوەندییەکان دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرزتر و ھەڵگرتنی زیاتری بەربەستەکانی بەردەم پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ھەردوولا".