Hüseyin Cem Dağıstanlı
12 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2024
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ لە باکووری عێراق پێنج سەرباز شەهید و هەشتیش بریندار بوون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە، "ئەمڕۆ ١٢ی کانوونی دووهەم، لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ لە باکووری عێراق، لە کاتێکدا تیرۆریستان (ی پەکەکە) دەیانەویست دزە بکەنە ناو بنکەیەکی سەربازیی، پێکدادان ڕووی داوە و بە هۆیەوە پێنج سەربازی قارەمانی تورکیا شەهید و هەشتیش بریندار بوون کە دۆخی سێیان سەختە".
وەزارەتەکە ڕاشیگەیاندووە کە بریندارەکان بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەم ڕاگەیەندراوەدا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بە پێی ئامارە بەراییەکان، لە پێکدادانەکەدا ١٢ چەکداری ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەش لە چالاکی خراون و ئۆپەراسیۆنەکانیش لە ناوچەکەدا بەردەوامی هەیە.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای لێخۆشبوون لە خودا بۆ شەهیدەکان و، سەرەخۆشی لە خێزانی شەهیدەکان و سوپا و گەلی تورکیا کراوە و شیفای بەپەلەش بۆ بریندارەکان خوازراوە.