Mücahit Oktay
16 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2020
نیویۆرک - AA
لە کاتێکدا لە ٤١ ویلایەتی ئەمریکادا حاڵەتەکانی توشبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، بۆ جاری سێهەم ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بەو پەتایە لەو وڵاتە گەیشتە لووتکە.
بە پێی ئەو راپۆرتەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردووەتەوە، لە مانگەکانی پایزدا حاڵەتەکانی توشبوون بەو پەتا جیهانیيە لە ئەمریکا بۆ جاری سێهەم گەیشتووەتە لووتکە و، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە ١٧ ویلایەتدا زۆرترین حاڵەتی توشبوون بەو پەتایە تۆمارکراوە.
بە پێی ئەنجامی توێژینەوەکە، لە کاتێکدا لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا حاڵەتەکانی توشبوون بە پەتاکە لە ٤١ ویلایەتی ئەمریکادا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بووە، لە نۆ ویلایەتەکەی دیکەدا حاڵەتەکانی توشبوون بە گشتیی جێگیر بووە و، لە هیچ کام لە ویلایەتەکانیشدا دابەزینێکی بەرچاو لە رێژەی توشبوون بە پەتاکە تۆمار نەکراوە.
لە مانگی ئادارەوە تا ئێستا ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە ئەمریکا نزیکبووەتەوە لە هەشت ملیۆن کەس و، پسپۆڕانیش هۆشداری دەدەن لە چوون بۆ ئەو ١٧ ویلایەتە.
هەڵکشانی حاڵەتەکانی توشبوون بەو پەتا جیهانيیە لەو ١٧ ویلایەتە کە دەکەونە ناوەڕاست و خۆرئاوای ئەمریکا بێ هاوتایە و، نیگەرانیش هەیە لەبارەی سنوورداربوونی یەکەی چاودێری ورد لە نەخۆشخانەکاندا.