Bayram Altuğ
07 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2022
جنێڤ-AA
كۆمیته‌ی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تیی (ICRC) بڵاوی كرده‌وه، پرۆسه‌ی ده‌ربازكردنی نزیكه‌ی ٢٠٠ هه‌زار كه‌سی سڤیل له شاری ماریۆپۆڵی ئۆكراینا راگیراوه.
كاربه‌ده‌ستانی ئۆكراینا دوێنێ ئاماژه‌یان به‌وه كردبوو، به‌هۆی پێشێلكردنی ئاگربه‌ست له‌لایه‌ن رووسیاوه، پرۆسه‌كانی ده‌ربازكردن له هه‌ریه‌ك له شاره‌كانی ماریۆپۆڵ و ڤۆلنۆڤاخا راگیراون.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی خاچی سووری نێودهوڵهتیییهوه بڵاو كراوه‌ته‌وه، هاتووه:
"تێپه‌ڕینی پارێزراوی سڤیله‌كان له ماریۆپۆڵهوه له رۆژی دووه‌مدا راگیرا، كۆمیته‌ی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی بانگه‌واز له لایه‌نه‌كان ده‌كات (له‌پێناو ده‌ربازكردنی سڤیله‌كان) له‌سه‌ر چه‌ند مه‌رجێكی دیارییكراو رێكبكه‌ون".
هه‌ر له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هۆشداریی ئه‌وه‌ش دراوه، ئه‌مڕۆ هه‌وڵه‌كانی ده‌ربازكردنی نزیكه‌ی ٢٠٠ هه‌زار سڤیل له ماریۆپۆڵ "له‌نێو دیمه‌نی وێرانكه‌ری ئازاری مرۆیی‌دا" گه‌یشتووته خاڵی راگیران.
هه‌روه‌ها له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه:
"هه‌وڵه شكستخواردووه‌كانی دوێنێ و ئه‌مڕۆش، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه له‌نێوان لایه‌نه‌كانی پێكداندا (ئۆكراینا-رووسیا) رێككه‌وتنێكی ورد كه بتوانرێت كاری پێبكرێت بوونی نییه" و جه‌ختیش له‌وه كراوه‌ته‌وه كه كۆمیته‌ی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تیی "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌بووه و نابێته گره‌نتیكاری رێككه‌وتننامه‌ی ئاگربه‌ست یان جێبه‌جێكردنی له نێوان لایه‌نه‌كاندا".
باس له‌وه‌ش كراوه خاچی سوور وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی بێلایه‌نی مرۆیی، ئاسانكاریی بۆ دیالۆگی نێوان لایه‌نه‌كان له‌پێناو ده‌ربازبوونی سڤیله‌كان به‌شێوه‌یه‌كی پارێزراو، كردووه.