Ahmet Dursun
19 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2022
ئەنقەرە – AA
سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی رایگەیاند وڵاتەکەی پاڵپشتی چارەسەری سیاسیی لە سووریا و هەموو جۆرە دەستپێشخەرییەک لەسەر ئەو بابەتە دەکات.
ئیبراهیم رەئیسی، گوتاری کردنەوەی "حەوتەمین کۆبوونەوەی لووتکەی سێ قۆڵی بە شێوازی ئاستانا" کە لە نێوان تورکیا-رووسیا-ئێران لە تارانی پایتەخت بەڕێوەدەچێت، پێشکەش کرد.
سەرکۆماری ئێران، ئاماژەی بەوە کرد کە بوونی "ناشەرعیی" ئەمریکا لە سووریا بووتە هۆکاری ناسەقامگیری لەو وڵاتە و گوتی: "ئێران، بەشێوەیەکی بەهێزتر بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی کردنی سووریا. ئەمریکا، کە ناوچە نەوتییە دەوڵەمەندەکانی سووریا-ی تاڵان کردووە تا دەکرێت دەبێت زوو لە سووریا بکشێتەوە".
رەئیسی، داکۆکی لەوە کرد کە تاکە رێگا بۆ سەقامگیریی سووریا بوونی بەهێزی سوپای ئەو وڵاتەیە لە سەر سنوورەکانی و هەماهەنگیی رژێمی ئەسەدە لەگەڵ دراوسێکانی و گوتی: "بەزاندنی سنوورەکانی سووریا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هاوکار نەبووە".
ئیبراهیم رەئیسی، گوتیشی "ئێران، پاڵپشتیی چارەسەری سیاسیی سووریا و هەموو جۆرە دەستپێشخەرییەک لەسەر ئەو بابەتە دەکات" و ئەوەی راگەیاند کە دەبێت چارەنووسی سووریا بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی و لەلایەن خەڵکی سووریاوە دیاری بکریت.
سەرکۆماری ئێران، باسی لە بابەتی پەنابەرە سوورییەکانیش کرد و گوتی: "ئەم پرسە زۆر گرنگە. بەرپرسیارێتی چارەسەری قەیرانی ئەو پەنابەرە سوورییانەی کە لە رێوشوێنی خۆیان دەرکراون دەکەوێتە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. پاڵپشتیی هەموو هەوڵێک دەکەین کە لەسەر ئەم بابەتە دەکرێت".
رەئیسی، سەرکۆنەی سیاسەتی تاک لایەنەی ئەمریکا و سزاکانی بۆسەر سووریا و وڵاتانی دیکە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم سزایانە لەگەڵ سەروەریی وڵاتان یەک ناگرێتەوە.
ئیبراهیم رەئیسی، ئەوەشی خستەڕوو کە پاڵپشتیی چارەسەری سەربازییان لە سووریا نەکردووە و گوتی: "١١ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی قەیرانی سووریا تیدەپەڕێت و ئێران هێشتا لەو بڕوایەدایە کە تاکە رێگا بۆ چارەسەری قەیرانەکە سیاسییە و چارەسەری سەربازیی دۆخەکە خراپتر دەکات".
سەرکۆماری ئێران، ئەوەشی راگەیاند کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا و داگیرکردنی بەرزاییەکانی گوڵان مافی سەروەریی ئەم وڵاتەی پیشێل کردووە.