Sinan Doğan
16 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 16 حوزەیران 2023
بۆگۆتا - AA
دوای ئەو کۆبوونەوانەی کە لە میانی سەردانێکی فەرمیی سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی بۆ کوبا بەڕێوەچوو، شەش رێککەوتننامەی هەماهەنگیی لە نێوان هەردوو وڵات واژوو کرا.
رەئیسی لەلایەن سەرکۆماری کوبا، میگێل دیاز کانێل بە رێوڕەسمێکی فەرمی پێشوازیی لێکرا.
پاشان سەرکردەکان بەشدارییان لە "کۆڕبەندی ئابووریی ئێران-کوبا" کرد.
دواتر لە رێوڕەسمێکدا شەش رێککەوتننامەی هەماهەنگیی بۆ پەرەپێدانی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات واژوو کرا.
ئاماژە بەوە کرا کە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکان بریتین لە هاوکاریی هەمەلایەنەی نێوان حکوومەتەکان، راوێژکاریی سیاسی نێوان وەزارەتەکانی دەرەوە، پەیوەندییەکان، تەکنەلۆجیای زانیاری، زانیاری و خزمەتگوزارییە گواستراوەکان.
لە میانی کۆبوونەوەکانی نێوان لایەنەکاندا، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەبارەی گومرگ لەنێوان وەزارەتەکانی داد واژوو کرا.
سەرکۆماری کوبا، میگێل دیاز کانێل سەرنجی خستەسەر یەکڕیزی و هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات و رایگەیاند کە کوبا و ئێران رێککەوتوون لەسەر ئەوەی سزا تاکلایەنەکان رەتبکەنەوە و پەیوەندییە بازرگانییەکانیان فراوانتر بکەن.
هاوکات سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی جەختی لەوە کردەوە کە قوڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە خاڵی وەرچەرخانە و ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای گەمارۆ ئابوورییەکان، پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ کوبا، نیکاراگوا و ڤێنزوێلا بەرەوپێش دەچێت.
ئیبراهیم رەئیسی هاوکات لەگەڵ هاوتا کۆبییەکەی سەردانی ناوەندی ئەندازیاریی بۆماوەیی و بایۆتەکنەلۆجیای کرد و زانیاریی لە بەرپرسان سەبارەت بە توێژینەوەکانی ئەو ناوەندە وەرگرت.
رەئیسی ئاماژەی بەوە دا کە بواری بایۆتەکنەلۆجیا بە نموونەیەک لە هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵات دادەنێن و دەیانەوێت کەرتەکانی وەک وزە و کانگا و تەکنەلۆجیا فراوانتر بکەن.