Zahir Ajuz
24 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2019
تاران ــ AA
لە كۆبوونەوەی نێوان سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی و هاوتا فەڕەنسییەكەی، ئیمانوێل ماكرۆن كە لە نیویۆرك ساز كرا، پەیوەندییە دووقۆڵیی و ژمارەیەك رژەڤی هەرێمی كە جێگەی بایەخ و گرنگی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بوون، تاوتوێ كران.
حەسەن روحانی و ئیمانوێل ماكرۆن لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی خولی 74می كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرك كۆبوونەوە.
سەرۆكایەتی كۆماری ئێران راگەیەندراوێكی سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بڵاوكردەوە و تیادا ئاماژەی بەوە كردووە كە لە كۆبوونەوەكەدا، حەسەن روحانی و ئیمانوێل ماكرۆن گفتوگۆیان كردووە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات، هەروەها ژمارەیەك رۆژەڤی هەرێمی كە جێگەی بایەخ و گرنگیان نێوانیان بوون تاوتوێ کران.
بەپێی راگەیەندراوەكە هەر لە كۆبوونەوەكەدا، پلانەکەی ئێران بۆ ئاشتی لە گەرووی هورمز خراوەتە بەرباس.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، حەسەن روحانی جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی، ئەو وڵاتانەی كە رێككەوتنی ئەتۆمییان واژوو كردووە، ئەركی سەرشانیانە رێككەوتنەكە بپارێزن بە تایبەتیش دوای ئەوەی ئەمریكا تیادا كشاوەتەوە.
دوێنێ دووشەممە سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی بەرلەوەی بەرەو نیویۆرك بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی خولی 74می كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێبكەوێت، داوای لە وڵاتانی كەنداو كرد بەشداری بكەن لە پلانی وڵاتەكەی كە بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە راگەیەندراوە.
ئەو پلانەی ئێران دوای ئەوە هات كە دوو رۆژ لەمەوبەر ئەمریكا رایگەیاندبوو كە لەسەر داوای هەریەك لە سعوودیە و ئیمارات هێزی سەربازیی رەوانەی كەنداو دەكات.