Kasım İleri
01 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2022
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، جۆن کیربی رایگەیاند کە لە ئەگەری جەنگدا، ناردنی هێزی سەربازیی بۆ ناو خاکی ئۆکراینا لە بەرنامەی کاریاندا نییە و تەنیا تیشک دەخەنە سەر پاراستنی وڵاتانی ناتۆ.
جۆن کیربی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، باسی لەوە کرد کە رووسیا لەئێستادا هەڕەشەی لەسەر خاکی ئۆکراینا دروست کردووە و ئەمریکاش بەردەوام دەبێت لەسەر دەستەبەرکردنی هاوکاری بۆ سوپای ئۆکراینا.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ٢٨ی کانوونی دووەمی رابردوودا، بەشێکی دیکە چەک و تەقەمەنیان رەوانەی ئۆکراینا کردووە و ئەو ناردنانەش بەردەوام دەبێت.
جۆن کیربی هەروەها باسی لەوە کرد کە هێشتا یەکەکانی مەشق سەربە سوپاکانی ئەمریکا، کەنەدا و بەریتانیا لە ئۆکراینادان و گوتی: ''سەرۆک (جۆ بایدن) زۆر روونە لەوەدا کە لە جەنگ لەگەڵ رووسەکاندا یەکەکانی ئەمریکا رەوانەی ئۆکراینا ناکەین. بەڕوونی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوە لە ئارادا نییە. لەبەرئەوە ئەو شتەی ئێمە تیشکی دەخەینە سەر بەتایبەتی لە پێناو هاوپەیمانانی ناتۆماندایە. ئەو گەرەنتییە ئەمنییە راستەقینەیانەی کە لە ماددەی پێنجەمدا باسمان کرد''.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، جۆن کیربی ئاماژەی بەوەیش کرد کە دەیانەوێت دڵنیا ببنەوە لەوەی رووسیا تێگەیشتووە کە ئەمریکا قبوڵی ناکات بڕیار بدات بە هەڕەشەکردن لە ناتۆ.
گوتیشی: ''ئەمریکا لە پێناو بەرگریی لە هاوپەیمانامان لە ناتۆ و ئەو بەڵێنانەی لە کیشوەرەکەدا داومانە بە هاوپەیمانانمان دەجەنگێت''.
جۆن کیربی سەبارەت بە لێدوانی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کە رایگەیاندبوو لەم نزیکانەدا هێزی سەربازیی رەوانەی ئەورووپا دەکەن رایگەیاند ''هێزەکە ئەو هەشت هەزار و ٥٠٠ سەربازەیە کە پێشتر خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و ئەگەر هێزی وەڵامدانەوەی ناتۆ چالاک بکرێت رەوانە دەکرێت''.
جۆن کیربی ئەوەشی خستەڕوو کە لەو بارەیەوە راوێژیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامە و هێشتا فەرمانیان پێ نەگەیشتووە بۆ رەوانەکردن.