29 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2020
دۆحە - AA
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند کە بە هەر هەوڵێک خۆشحاڵ دەبن کە بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین دەدرێت.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی قەتەر کاردانەوەی نیشانداوە سەبارەت بە پلانە ئاشییەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە بە "گرێبەستی سەدە" ناسراوە و بڵاویکردەوە کە ستایشی هەوڵەکانی ئێستای ئیدارەی ئەمریکا دەکات بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگا چارەکان بۆ کێشەی فەڵەستین و ناکۆکیی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، بەو مەرجەی لەچوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێت.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەیشکردووە کە پێشتر سەرجەم وڵاتانی عەرەبی دەستپێشخەرییەکی ئاشتییان خستەڕوو کە ژمارەیەک بنەمای گرنگ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لەخۆدەگرێت بۆیە گرنگە کێشەی فەڵەستین لەچوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییە و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چارەسەر بکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیشکراوە، قەتەر ئامادەییە پاڵپشتی پێشکەش بکات بۆ ئەو هەوڵانەی کە بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین خراونەتەگەڕ و باس لەوەیشکراوە کە ئاشتی بەدی نایەت، ئەگەر دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاون سەروەریی کە پایتەختەکەی قودسی رۆژهەڵات بێت بۆ گەلی فەڵەستین لەسەر سنووری ١٩٦٧ دانەمەزرێت.
دوێنێ سێشەممە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو سازیکرد، بەشێوەیەکی تاکلایەنە، پلانی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە "گرێبەستی سەدە" ناوزەند دەکرێت بۆ رای گشتیی ئاشکراکرد.
دۆناڵد ترەمپ تیشکی خستەسەر ئەوەی کە پلانەکەی لە ٨٠ لاپەڕە پێکھاتووە و جەختی لەوەکردەوە کە ماددەی زۆر بە نرخ لەخۆدەگرێت بۆ ئیسرائیل و لایەنی فەڵەستین-یش.
سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای گوتەکانیدا، ئاماژەی بەوەکرد کە لە پلانی ئاشتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، شاری قودس وەک پایتەختی "بەشنەکراو"ی ئیسرائیل قبوڵ دەکرێت و جەختی لەوەیشکرد کە پلانەکە دوایین دەرفەتە بۆ فەڵەستینییەکان.