Zana Natık Kerem
23 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2019
واشنتۆن ــ AA
کۆشکی سپی لە راپۆرتێکیدا، وردەکاری لەبارەی لایەنی ئابووری نێو پلانی ئاشتی ئەمریکا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردەوە کە بە "گرێبەستی سەدە" ناوزەند دەکرێت.
راپۆرتەکە لەژێر ناوی "ئاشتی لە پێناو خۆشگوزەرانی" بڵاوکراوەتەوە کە تیادا وردەکاری بەشی ئابووری نێو پلانی ئاشتی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست خراوەتەڕوو.
بەپێی راپۆرتەکە لە چوارچێوەی لایەنی ئابووری نێو پلانی ئاشتی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە بە "گرێبەستی سەدە" ناوزەند دەکرێت و لە لایەن کۆشکی سپییەوە بڵاوکراوەتەوە، وەبەرھێنان بە بڕی ٥٠ ملیار دۆلار لە کەرتی غەززە، کەناری رۆژئاوا، میسر، ئوردن و لوبنان دەکرێت.
ھەروەھا لە راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ١٧٩ پڕۆژە لە بواری تەندروستی، فێرکردن، وزە، تەکنەلۆجیا، گەشتوگوازر و کشتوکاڵ لە کەناری رۆژئاوا، کەرتی غەززە، میسر و ئوردن و لبنان جێبەجێ دەکرێت.
لە راپۆرتەکەدا ھاتووە کە لەو ١٧٩ پڕۆژەیە؛ ١٤٧یان لە کەناری رۆژئاوا و کەرتی غەززە، ١٥یان لە ئوردن، ١٢یان لە میسر و پێنجەکەی دیکەشیان لە لوبنان جێبەجێ دەکرێن.
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە ھەر لە چوارچێوەی لایەنی ئابووری نێو پلانی ئاشتی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، رێرەوێک بە پێنج ملیار دۆلار لە نێوان کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا بنیات دەنرێت، جگە لەوەش دەیان ملیار دۆلاری دیکە بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی دیکە لە بواری گەیاندن لە نێوان کەرتی غەززە و سینا لە میسر تەرخان دەکرێت.
بەپێی راپۆرتەکە ھەوڵ دەدەرێت ھاوکاری فەڵەستین لەگەڵ میسر، ئیسرائیل و ئوردن باش بکرێت، ھەروەھا ھێڵەکانی کارەبا لە نێوان میسر و کەرتی غەززەدا نۆژەن دەکرێنەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ناوچە و بەندەر بازرگانییەکان لە نزیک کەناڵی سوێس فراوانتر دەکرێن و ناوچە گەشتیارییەکانی نزیک بە سینا گرنگی و پەرەی زیاتریان پێ دەدەرێت.
لە راپۆرتەکەدا ئەوە روونکراوەتەوە کە بە ٩٥٠ ملیۆن دۆلار ناوچەی گەشتیاری لە فەڵەستین بنیات دەنرێت، ھەروەھا بە ئامانجی کەمردنەوەی رێژەی بێکاری، زیاتر لە یەک ملیۆن دەرفەتی کار لە کەناری رۆژئاوا و غەززە دەرخسێندرێت.
ــ بەدەستھێنانی پاڵپشتی دارایی بۆ ئەو پڕۆژانە
کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە کە بەم شێوەیە پارە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە خەرج دەکرێت؛ ١٥ ملیار دۆلار لە لایەن وڵاتانی کۆمەکبەخش، ٢٥ ملیار دۆلار بە پارەی قەرز و ١٠ ملیار دۆلاری دیکە لە لایەن سەرمایەدارانەوە دەبێت.
کۆشکی سپی رایگەیاندووە کە ئومێد دەکات وڵاتانی کەنداو رۆڵی گەورە بگێرن لە تەرخانکردنی پارە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە.
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنگرەی ئاشتی کە لە رۆژانی ٢٥ و ٢٦ی ئەم مانگە لە بەحرێن بەرێوەدەچێت، راوێژکاری کۆشکی سپی، جارید کۆشنەر بواری ئابووری لە پلانی ئاشتی ئەمریکا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بخاتەڕوو.
پلانی ئاشتی کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل و بە "گرێبەستی سەدە" ناسراوە، لەئێستادا ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کاری لەسەر دەکات و بڕیارە لە ماوەکانی داھاتوودا رابگەیەندرێت.