Rewa Mahmood Hasan
15 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2020
سلێمانی-AA
ئەمڕۆ هاووڵاتیەکی شاری سلێمانی لە ریزی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیدا، گیانی لەدەست دا.
کاتژمێر١٠:٣٠ی ئەمڕۆ، هاووڵاتییەک لە بەردەم بنکەی یەکی خانەنشینی شاری سلێمانی-دا لە کاتێکدا بۆ وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیەکەی لەبەردەم بنکەکەدا وەستابوو، تەندروستی تێکدەچێت و گیانلەدەست دەدات.
بەپێی گوتەی شایەتحاڵەکانی رووداوەکە کەسەکە تەمەنی لەسەروو حەفتا ساڵ بووە بەناوی (ج.م)، لەنێو باخچەی بنکەی خانەنشینی یەکدا لەژێر سێبەری دارێکدا دوای ئەوەی تەندروستیی تێکدەچێت گیانلەدەست دەدات.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوەبەری بنکەی یەکی خانەنشینی سلێمانی، کاوە ئەحمەد فەتاح رایگەیاند، ئەوان سەرقاڵی پێدانی مووچەی خانەنشینەکان بوون لە کاتێکدا بیستوویانە، کەسێک دۆخی تەندروستیی تێکچووە و دەستبەجێ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیان بانگ کردووە.
شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە (ج.م) لەنێو قەرەباڵغی سەرەی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیدا دۆخی تێکچووە و ویستوویەتی بچێتە ژێر دارێک پشوو بدات، بەڵام لەوێ گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری بنکەی یەکی خانەنشینی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات ئەوان لە بنکەکەیاندا مووچەی ١٤ هەزار خانەنشین دەدەن کە زۆربەیان تەمەنیان لەسەروو ٦٣ ساڵەوەیە و بۆ ئەو مەبەستەیش ١١ سندوقیان داناوە کە رۆژانە هەر سندوقەی دەتوانێت مووچەی ٥٠٠ خانەنشین بدات و دەڵێت، پێشتر ژمارەمان بۆ خانەنشینان دەکرد کە هەر کۆمەڵەیە و لە رۆژێکدا بێن بۆ مووچە وەرگرتن بەبێ دروستکردنی قەرەباڵغی، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی مووچە دوا دەکەوێت و خانەنشینەکانیش پێویستیان بەو پارەیە هەیە بۆیە ناتوانن کەس دوا بخەن، بۆیە قەرەباڵغی دروست دەبێت و بەداخەوە سەرەڕای هۆشدارییەکانمان کەسیان پابەند نابن بە دروست نەکردنی قەرەباڵغی".