Rewa Mahmood Hasan
20 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2021
سلێمانی-AA
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی، عەممار حەکیم سەردانی شاری سلێمانی کرد و بڕیارە لەگەڵ چەند لایەنێکی سیاسیی کوردیدا کۆبێتەوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، عەممار حەکیم لەرێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە گەیشتە شارەکەو لەلایەن ھاوسەرۆکانی یەکێتی و پارێزگاری سلێمانیەوە پێشوازی لێکرا.
ھەریەک لە ھاوسەرۆکانی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی و پارێزگاری سلێمانی، ھەڤاڵ ئەبوبەکر پێشوازیان لە سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی عەممار حەکیم کرد و دوای گەیشتنی ناوبراو، سەردانی مەزاری سەرکۆماری کۆچکردووی عێراق، جەلال تاڵەبانی کرد و لەنێو دەفتەری یادگارییەکان، بۆچوونی خۆی نووسی لەسەر ئەو سەرکردە کۆچکردووە. دواتر بۆ رۆژنامەوانان دوا و رایگەیاند کە گرنگە ھەمووان پێکەوە کار بکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ئاڵنگارییانەی کە عێراق پێدا تێپەڕدەبێت.
گوتیشی: "ئومێد دەکەن بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لە پڕۆژەیاسای ٢٠٢١ی بوودجەی گشتیی عێراق لەبەرچاو بگیرێت".
سەردانی عەممار حەکیم لەکاتێکدایە کە بەمەبەستی دروست کردنی ھاوپەیمانیێتی ولێکنزیک بوونەوەی لایەنەکانی عێراق، پێش ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەستیپێکردووەو بڕیاریشە لە١٨ ھەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی باوکی، محەمەد سەید باقر حەکیم دا و لەرۆژی شەھیدی عێراقیدا کۆڕێک لە تەلاری ھونەر ببەستێت.