Rewa Mahmood Hasan
10 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2020
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ ١٠ی حوزەیران، شەش ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کەوتنی مووسڵ و داگیرکردنی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە.
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە ساڵیادی کەوتنی مووسڵ و داگیرکردنی لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
جێگری سەرۆکی هەرێم لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە کەوتنی دووەمین گەورە شاری عێراق و داگیرکردنی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە دەریدەخات کە هێزە عێراقییەکان توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو چەکدارانەیان نەبوو، بۆیە لە ماوەیەکی کورتی چەند کاتژمێریدا، شارەکەیان جێهێشت و رادەستی چەکدارەکانی داعشیان کرد.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا دەڵێت ''ئەو هێزە شەرەنگێزە، توندڕەوە مرۆڤکوژە لە ماوەیەکی کورتی چەند رۆژیدا، ئاراستەی جەنگێکی نوێیان بەرەو کوردستان هێنا و چەندین قارەمان و فەرماندە و پێشمەرگەیان شەهید کرد، پێشمەرگە لە سەرەتاوە بەچەکێکی کۆن و بەکارهاتوو توانی بەرەنگاریان بێتەوە و سنوورێک بۆ پێشڕەوییەکانی ئەو هێزە تیرۆریستییە دابنێت و بیان وەستێنێت، هەرچەندە رووبەرێکی فراوانیان لە عێراق و هەریمی کوردستان داگیر کرد، بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشانی سەرکردە و فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکانمان لە بەرگریکردنەوە پلانمان گۆڕی بۆ هێرشکردن و سەرجەم ئەو ناوچانەمان ئازاد کرد کە داعش داگیری کردبوون".
جێگری سەرۆکی هەرێم لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت ''لەم یادەدا سەری نەوازش بۆ رۆحی سەرجەم شەهیدان دادەنەوێنین و درێژە پێدەری رێگایان دەبین، هیوای چاکبوونەوە بۆ ئەو بریندارانە دەخوازین تا ئەمڕۆ بەدەست سەختی برینەکانییانەوە دەناڵێنن. سەربەرزبن خانەوادە و کەسوکاری ئەو قارەمانانەی شەو و رۆژیان خستە سەریەک بۆ پاراستنی خاکی کوردستان".