Sarmand Hameed
10 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای وەزاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای کرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی مەسرور بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی و وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشداربوون، گفتوگۆ دەربارەی دوایین دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمـی کوردستان کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری ناوخۆ راپۆرتی خۆی خستووەتەڕوو، دواتر وەزیری تەندروستی راپۆرتێکی وردی لە بارەی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان و قوربانیانی خستووەتەڕوو هاوکات چەند داواکاری و پێشنیارێکی ئاراستەی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە و هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی، لیـژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دا کە بریتین لە:
یەکەم: بەردەوامبوون لە رێکارەکانی خۆپارێزی و کەرەنتینکردن و چارەسەرکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ تووشبووان و بەرکەوتووان و گەشتیاران و چڕکردنەوەی هەڵمەتی هۆشیاریی تەندروستی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە.
دووەم: سەپاندنی بەزۆر بۆ بەستنی دەمامک لە هەموو دامەزراوە و شوێنە گشتییەکان و دابینکردنی بۆ هەر هاووڵاتییەک کە سەردانی فەرمانگە و دامەزراوە گشتییەکان دەکات و هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
سێیەم: خەرجکردنی قۆناغێکی دیکەی بوودجەی تایبەت بە خەرجییەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بڕی پێنج ملیار دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی بە مەبەستی دابەشکردنی بەسەر دامەزراوە تەندروستییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم.
چوارەم: وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاسانکاری پێویست پێشکەش بە کارگەکانی بەرهەمهێنانی دەمامک و هۆکارەکانی دیکەی خۆپارێزی دەکەن تاوەکو بە ئاسانی و بە کواڵێتییەکی باش و نرخێکی گونجاو بگاتە دەستی هاووڵاتییان.
پێنجەم: ڕێگەپێدان بە وەزارەتی تەندروستی بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزاریی تاقیگەیی و دانانی میکانیزمی نوێ و پێویست بۆ دەستنیشانکردنی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەویش لە دوای دڵنیابوونی وەزارەت لە دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان و کواڵێتی لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی راستەوخۆی وەزارەت و تاقیگە گشتییە تایبەتمەندەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی بەردەوام دەبن لە رێکاری تێستی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چوارچێوەی بەرنامەی بەردەوامی وەزارەت بۆ گەڕان بە شوێن تووشبووان و بەرکەوتووەکان و ئەوانەی گومانی تووشبوونیان لێ دەکرێت.
شەشەم: راسپاردنی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ پەیوەندیکردن و سەردانیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی عێـراق و نووسینگەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO لە عێـراق و هەرێمـی کوردستان و کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە هاوکاری و پشتیوانیی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمـی کوردستان بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
حەوتەم: بەردەوامبوونی قەدەغەی هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمـی کوردستان و توندترکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی ئەم قەدەغەیە لە نێوان هەرێمـی کوردستان و پارێزگاکانی عێـراق و راسپاردنی هەردوو وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ ڕێکخستنەوەی دەوامی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەتایبەتی ئەوانەی دانیشتووی دەرەوەی شوێنی وەزیفەکانیانن بە جۆرێک بتوانرێت کەمتـرین هاتوچۆ و بەریەککەوتن هەبێت، و هەمان شت رەچاو بکرێت لەلایەن وەزارەت و لایەنەکانی دیکە بۆ فەرمانبەران و کارمەندانی وەزارەتەکانیان کە نیشتەجێی دەرەوەی شوێنی وەزیفەکانیانن.