ئەنقەرە-AA
لەکاتێکدا ١٠٠ رۆژ بەسەر ئەو جەنگەی بە فەرمانی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دژبە ئۆکراینا هەڵ گیرسا، تێدەپەڕێت، لەکاتێکدا شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان بەردەوامە، پەککەوتنی ئۆکراینا و رووسیا لە گەیاندنی گەنم كە پشكی لەسەدا ٣٠ی هەناردەی گەنمی جیهانییان هەیە، قەیرانی خۆراکی بەدوای خۆیدا هێنا.
دوای ئەوەی پوتین سەرلەبەیانی ٢٤ی شوبات لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆن رووی دەمی لە خەڵک کرد و "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەتی لە دۆنباس رۆژهەڵاتی ئۆکراینا" راگەیاند، جەنگی رووسیا-ئۆکراینا دەستی پێ کرد.
یەکە سەربازییەکانی رووسیا هاوکات بەرەو ناوچەکانی دۆنتسک و لوهانسک ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی کیێڤ و ناوچە سنوورییەکانی ئۆکراینا بەڕێکەوتن و لە بێلارووس-یشەوە چوونە ناوچەی چێرنۆبیل و کیێڤ-یان گەمارۆ دا.
لە مانگی دووەمی جەنگەکەدا، سەربازانی رووسیا لە کیێڤ و چیرنیهیڤ کشانەوە و یەکەکانی ئۆکراینا ناوچەکانیان کۆنترۆڵ کردەوە و ئاساییبوونەوەی ژیان لەو ناوچانە لەژێر سایەی جەنگدا بەردەوامە.
رووسیا زوو زوو چەکی هەستیاری بەرزی دوورمەودا بۆسەر ئامانجە ستراتیجییەکانی ئۆکراینا بەکار دەهێنێت. لەم ماوەیەی دواییدا رووسیا ئەو بارهەڵگرانە دەکاتە ئامانج کە چەکی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا بۆ ئۆکراینا دەگوازنەوە و ئەمەیش وەک ئامانجێکی رەوا ناو دەبات.
یەکە سەربازییەکانی رووسیا بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی ژێرخانی سەربازی، ماریوپۆڵ-یان گرت، کە شارێکی ستراتیجی بوو و هەر لە سەرەتای جەنگەوە گەمارۆ درابوو. بەڵام سوپای ئۆکرانیا بەرخۆدانێکی زۆر چڕی لەم شارانەدا کرد.
تا ئێستاش پێکدادان لەنێوان سەربازانی ئۆکراینا و رووسیا لە ناوچەی خارکیڤ بەردەوامە. دەسەڵاتدارانی ئۆکراینا رایانگەیاند کە کۆنترۆڵی هەندێک ناوچەی نیشتەجێبوونیان لەم ناوچەیەدا کردەوە. لە بەرامبەردا شاری خارکیڤ لە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی کیێڤ دەرنەچوو. سوپای ئۆکراینا بەردەوامە لە بەرخۆدانی توندی خۆی لە ناوچەی خارکیڤ.
رووسەکان بە سەرنج خستنەسەر دەستبەسەرداگرتنی شارە ستراتیجییەکانی سەر دەریای ئازۆڤ لە مانگی یەکەمدا، پەیوەندییەکانی ئۆکراینایان بە دەریای ئازۆڤەوە بە تەواوی پچڕاند.
دوای ئەم هەنگاوە، سوپای رووسیا لە ناوچەی باشووری ئۆکراینا لە کەناراوەکانەوە بەردەوامی دا بە پێشڕەوییەکانی. بۆ ئهم مهبهسته سهربازه رووسییهكان كه بهردهوامن له هێرشهكانیان بۆ سهر ناوچهی میكۆلایڤ و ناوچهی ئۆدێسا، ههژموونی خۆیان لهسهر دوورگەی مار دهپارێزن كه گرنگییهكی ستراتیجی بۆ ئۆكراینا بهتایبهت له دهریای رهش، ههیه.
- ئاسانکاری دەکرێت بۆ پێدانی رەگەزنامەی رووسی بە خەڵکی خێرسۆن و زاپۆرۆژییا
یەکێک لەو شارانەی کە سوپای رووسیا دەستی بەسەردا گرت، ناوچەی زاپۆرۆژییا بوو لەگەڵ خێرسۆن. بە بڕیاری سهرۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، ئاسانكاری دهكرێت بۆ پێدانی رهگهزنامهی رووسی بە خهڵكی خێرسۆن و زاپۆریژییا.
باس لەوە دەکرێت کە لە رێگای گشتپرسییەوە شارەکە بە رووسیاوە دەلکێندرێت، وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لەمبارەیەوە دەڵێت: "گەلی ئۆکراینا بۆ خۆی چارەنووسی خۆی دیاریی دەکات".
- لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا هەست بە کاریگەرییەکانی جەنگ دەکرێت
لە نیسانەوە جەنگەکە بەرەو رۆژهەڵاتی ئۆکراینا رۆیشتووە و لەوێ بەچڕی هەست بە جەنگەکە دەکرێت. سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای رووسیا رایگەیاندووە کە پێشڕەوییەکانیان لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا چڕ بووەتەوە و دەستیان بەسەر ژمارەیەک ناوچەی نیشتەجێبووندا گرتووە.
چڕکردنەوەی هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ناوچەکانی دۆنتسک و لوهانسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی.
- تا ئێستا هیچ لێدوانێکی روون لەبارەی ژمارەی کوژراوانی شەڕەکە نەدراوە
بە ئاماژەدان بەوەی کە لە مانگی یەکەمی شەڕەکەدا، هەزار و ٣٥١ کەس لە سەربازانی رووسیا گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٨٢٥ی دیکەش برینداربوون، دەسەڵاتدارانی سەربازیی رووسیا هیچ زانیارییەکی نوێیان لەسەر ئەم بابەتە ئاشکرا نەکردووە.
کاربەدەستانی رووسیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سوپای ئۆکرایناش لە کاتی جەنگدا، ٢٣ هەزار و ٣٦٧ سەربازی لەدەستداوە، هاوکات ئۆکراینا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە تا ئێستا ٣١ هەزار سەربازی رووسیا کوژراون.
نە بەرپرسانی ئۆکراینا و نە بەرپرسانی رووسیاش ئاماری وردیان سەبارەت بە قوربانییانی مەدەنی لە شەڕەکەدا نەخستووەتەڕوو.
- لە باکووری ئۆکرایناشەوە هێرش کرایە سەر خاکی رووسیا
بە تایبەت لە چەند مانگی رابردوودا، هێرشەکان بۆسەر خاکی رووسیا لە سنوورەکانی باکووری ئۆکراینا کە سوپای رووسیا لەوێ کشاوەتەوە، زیادی کردووە.
لە كاتێكدا گوللـە هاوەنەكان و هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان بۆسەر ناوچەکانی نیشتەجێبوونی سەر سنوورەكان جارجارە زیانی بە خەڵكی مەدەنی ناوچەكە گەیاندووە، هەندێك خاڵی ستراتیجییش كراونەتە ئامانج.
- بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی پەنابەرانی ئۆکراینی لە شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس تێپەڕیوە
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ٢٤ی شوباتەوە تا ئێستا لانیکەم سێ هەزار و ٣٨١ هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٦٨٠ی دیکەش لە شەڕەکەدا برینداربوون.
- هەڵپەساردنی دانوستانەکان لەبارەی ئاگربەست
لە کاتێکدا کە شەڕەکە بەردەوام بوو، شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا چوار جار دانوستانی رووبەڕوویان ئەنجامدا کە سێ لە دانوستانەکان لە بێلاڕووس و دانوستانێکیش لە تورکیا بەڕێوەچوو.
لە بێلاڕووس هەردوولا تەنیا دەیانتوانی لەسەر کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی بۆ بۆ رزگارکردنی خەڵکی مەدەنی لە ناوچە جێناکۆکەکان رێکبکەون.
لە ئەنجامی هەوڵەکانی نێوەندگیری سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دانوستانکارانی ئۆکراینا لە ٢٩ی ئادار بنەماکانی رێککەوتنیان گەیاندە بەرپرسانی رووسیا.
راگەیەندرا کە گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ناوچەکانی کریمیا و دۆنباس کارا نابن و لە بەرامبەردا، ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ئەندامێتی ئۆکرانیا لە یەکێتیی ئەورووپا ناکرێت.
بەرپرسانی ئۆکراینا لە ١٧ی ئایاردا، رایانگەیاند کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕەوە دۆخی ئۆکراینا گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە و دانوستانەکانیان لەگەڵ رووسیا هەڵپەساردووە.
- قەیرانی دابینکردنی خۆراکی جیهان دەستی پێکرد
لەکاتێکدا شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان بەردەوامە، پەککەوتنی ئۆکراینا و رووسیا لە گەیاندنی گەنم كە پشكی لەسەدا ٣٠ی هەناردەی گەنمی جیهانییان هەیە، قەیرانی خۆراکی بەدوای خۆیدا هێنا.
بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی ئەگەر بەندەرەکانی ئۆکراینا نەکرێنەوە، لەوانەیە "برسێتی و کۆچی زۆرەملێی بەکۆمەڵ" رووبدات.
زیاتر لە ٧٠ کەشتی و زیاتر لە ٢٠ ملیۆن تۆن دانەوێڵە کە لە بەندەرەکانی ئۆکراینا چاوەڕێی هەناردەکردنیان دەکرد بەهۆی شەڕەوە نەتوانرا هەناردە بکرێن. هەروەها بەهۆی ئەو سزایانەی کە بەسەر رووسیادا سەپێنراوە، ناردنی دانەوێڵەی رووسیاش پەکی کەوتووە.
- تورکیا چارەسەرکردنی قەیرانی خۆراکی جیهان نەخشەڕێگایەکی ئامادەکردووە
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کە گەیشتووەتە خاڵی بنبەست، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، پوتین و سەرۆکی ئۆکراینا، زێلێنسکی ئەنجامدا.
تورکیا کە ئەرکێکی زۆر گرنگ لە ئەستۆ دەگرێت لە پێشگیری لە قەیرانی خۆراکی جیهان، لە ئەنجامی ئەو دیبلۆماسییە چڕەی کە بۆ چارەسەر قیرانی دابینکردنی خۆران ئەنجامی دەدات، توانیویەتی نەخشەڕێگایەک لە ژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئامادە بکات.
پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرجەم لایەنەكان لە ئیستانبوڵ كۆببنەوە و وردەكارییەكانی نەخشەڕێگاكە تاوتوێ بكەن.
- ناردنی چەک بۆ ئۆکراینا
لە بەیاننامەکەیدا لە ٣٠ی ئایاردا، سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاندبوو بڕیاری داوە سیستەمێکی مووشەکی پێشکەوتوو بۆ ئۆکراینا بنێرێت. بایدن پاکێجێکی نوێی یارمەتییە سەربازییەکانی بە بڕی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکراینا راگەیاند، هەروەها رایگەیاند کە لە چوارچێوەی ئەم پاکێجەدا، سیستەمی مووشەکیی (HIMARS) بۆ ئۆکراینا دەنێرێت.
هەروەها ئەڵمانیا، رایگەیاند کە مۆدێرنترین سیستەمی بەرگریی ئاسمانی "Iris-T" بۆ ئۆکراینا دابین دەکەن.
کرملین هۆشداری دا لەوەی کە ئەگەر ئەم چەکانە لە دژی خاکی فیدراسیۆنی رووسیا بەکاربهێنرێن، خراپترین سیناریۆ روودەدات.
news_share_descriptionsubscription_contact

