Fakhradin Ibrahim Mohammad
28 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2021
هەولێر - AA
بڕیارە تا دەمێکی دیکە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی بە بەشداری سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، ناوچەکە و نێودەوڵەتی لە بەغدا پایتەختی عێراق دەست پێ بکات.
لە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی بەغدا، هەریەکە لە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکوەزیرانی کوێت، سەباح خالید ئەحمەد سەباح، سەرکۆماری میسر،عەبدولفەتاح سیسی، میری قەتەر تەمیم بن حەمەد ئال سانی، شای ئوردن عەبدوڵڵای دووەم و جێنشینی ئەبوزەبی، محەمەد بن زاید ئال مەکتووم، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت و وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ئێران و سعوودیە و نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا، بەریتانیا بەشدارن.
لووتکەکە یەک رۆژ دەخایەنێت و تاوتوێ ھەموو ئەو دەرفەتانە دەکرێت کە کەشێکی ئارام بۆ دووبارە پەیوەندی ھەموو ئەو وڵاتانە دەرەخسێنێت کە ناکۆکیان ھەیە و ئەوەش بۆ خزمەتکردنی بە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق.
بەرپرسانی عێراق بە بەردەوامی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نزیکی و دۆستایەتی وڵاتانی دراوسێی عێراق لەیەکتر کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری وڵاتەکە ھەبووە و بە پێچەوانەشەوە ھۆشدارییان داوە لەوەی عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکەرەوەی کێشە و ململانێکانی نێوان وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوڕاست. بەو پێیە عێراق دەیەوێت رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ھەموو ئەو وڵاتانە ببینێت کە ناکۆکیان ھەیە و ھەوڵی نزیککردنەوەی روانگەکانیان بدات.