Heman Husseın Yaseen
30 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2020
هەولێر - AA
کۆنسولی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، نەزمی حەزوری رایگەیاند "ئەمە پلانێکی چاوەڕوان کراوبوو چونکە پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا قودس-ی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساندبوو".
نەزمی حەزوری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە لە چوارچێوەی پلانی ئاشتی ناسراو بە گرێبەستی سەدە راگەیاندبوو لەوەی شاری قودس-ی وەک پایتەختی "بەشنەکراو"ی ئیسرائیل راگەیاند، ئەوە شتێکی نوێ و چاوەڕان نەکراو نەبوو، چونکە ساڵی رابردوو شاری قودس-ی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساندبوو و باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیشی لە تەل ئەبیب-ەوە گواستەوە بۆ قودس".
نەزمی حەزوری گوتیشی: "ھەموو ئەو ھەوڵ و کارانەی دۆناڵد ترەمپ دەچێتە چوارچێوەی دەستدرێژکردنە سەر ئاشتی و یاسا نێودەوڵەتییەکان، چونکە دۆناڵد ترەمپ مافی ئەوەی نییە پایتەختی وڵاتێک بدات بە وڵاتێکی دیکە، با بڕوات نیۆیورک بدات بە ئیسرائیل، بەڵام قودس وەک پایتەختی شەرعی فەڵەستین و شوێنێکی پیرۆز بۆ موسڵمانان دەمێنێتەوە، قودس موڵکی دۆناڵد ترەمپ نییە و یەکێک لە خانووبەرە و ھەژمارە بانکییەکانی نییە تا بە ویستی خۆی مامەڵەی پێوە بکات، بەڵکو موڵکی ھەموو موسڵمانانە".
کۆنسولی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە ئەوان ئومێدیان بەوە هەبوو کە ئەمە پلانی ئاشتی بووایە و چارەسەری ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلی بکردایە و گوتی: "ئومێدمان دەکرد بەڕاستی ئەو پلانە، پلانی ئاشتی بووایە و بە دادپەروەریی کێشەی فەڵەستین و ناکۆکی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلی چارەسەر بکردبایە و ببووایە ھۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین کە پایتەختەکەی قودس-ی رۆژھەڵات بێت، بەڵام ئەوەی کە لە چوارچێوەی پلانەکەدا راگەیەندراوە، پاڵپشتیکردن و لایەنگرییە بۆ ئیسرائیل".
نەزمی حەزوری جەختیشی لەوە کردەوە کە هەر وڵاتێک پشت لە بڕیارەکانی کۆمکاری عەرەبی بکات با پایتەختی وڵاتەکەی بۆ دۆناڵد ترەمپ تەرخان بکات و گوتیشی: "پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپاش پشتبەستن بە بڕیارەکانی نێودەوڵەتی جەختیان لەسەر چارەسەریی دوو دەوڵەتی کردووەتەوە، ئێمەش لای خۆمانەوە پابەند دەبین بە دەستپێشخەرییە ئاشییەکەی کۆمکاری عەرەبی، ھەر وڵاتێکی عەرەبی پشت لە بڕیارەکانی کۆمکاری عەرەبی بکات با پایتەختی وڵاتەکەی بۆ دۆناڵد ترەمپ تەرخان بکات، بەڵام ھیچ کەسێک ناتوانێت قودس بۆ لایەنێکی دیکە تەرخان بکات".
دوێنێ سێشەممە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو سازیکردبوو، بەشێوەیەکی تاکلایەنە، پلانی ئاشتی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە بە "گرێبەستی سەدە" ناوزەد دەکرێت و لە ٨٠ لاپەڕە پێکهاتووە، بۆ رای گشتیی ئاشکراکرد.
سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای گوتەکانیدا، ئاماژەی بەوەکرد کە لە پلانی ئاشتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، شاری قودس وەک پایتەختی "بەشنەکراو"ی ئیسرائیل قبوڵ دەکرێت و جەختی لەوەیشکرد کە پلانەکە دوایین دەرفەتە بۆ فەڵەستینییەکان.
لەمیانی راگەیاندنی گرێبەستی سەدە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەنێو ئامادەبوواندا باڵیۆزانی ئیمارات یوسف عوتەیبی، بەحرێن عەبدوڵڵا بن راشد ئال خەلیفە و باڵیۆزی عومان حونەین مەغەیری بوون.
سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس رایگەیاند کە مەحاڵە ھیچ فەڵەستینییەکی موسڵمان و کریستیان ئەم پلانەی ترەمپ قبوڵ بکات، ئێمە ھەزار جار بەو پلانە دەڵێین نەخێر.